مێژووی ئەم وتەیە نازانم لە چ لاپەڕەیەکی پەرتوکێکدا نووسراوە، هەرچۆن بێت پێچەوانەی مرۆڤبوون و کەسی خزمەتگوزارە، بەدیوێکیتردا ئەگەر ئەم ڕستە هەڵەیە ڕاست بوایە، ئیتر کەس ئامادە نەبوو یارمەتی کەس بدات، دەستگرۆیی هەژارێک بێت، باری لاری بەشەرێک ڕاست بکاتەوە، دراوسێ قیمەتی نەدەما، دایک و باوک بە بێنازی مەرگ ڕاپێچی دەکردن، کارئاسانی بۆ هاوڕێکەت ئەبویە عەیبە.

ئەم وتانە بەرامبەر خوای گەورەش ڕاست و هاوتەریبن، واتە نە نوێژ نە ڕۆژوو نە حەج نە عەمەلی ساڵح هیچیان پێویست نەدەبوون؟ ئەی ئەگەر دڵ حسێبە، ئەم هەموو ئەمر و نەهیەی خوای گەورە لەپای چی؟ ئەم هەزاران ئایەتە چ پێویست بوو دابەزن؟

- ئەڵێ من دڵم پاکە بەڵام لە هەگبەکەیدا شەونوێژێک نابینی.

- ئەڵێ منیش لەڕیزی موسوڵمانان دام بەڵام ڕوپەڕی قوڕئانی نەبینیوە؟ ویردێک و زیکرێک زمانی نەجوڵاندووە؟ لەدوای نوێژە ساردوسڕەکەی بەزۆری دەزانێ تەسبیحاتێک بکات.

- ئەڵێ شافیعی مەزهەبیشم، بەڵام بە سامانێکی زۆرەوە ڕۆژێک لەو پەنای کەعبەیەدا کەس نەیبینی؟ خۆی لەوە گەورەتر دەزانێت زیارەتێکی سەروەری مرۆڤایەتی بکات؟ بەڵام دڵی پاكه!

- موسوڵمانە بەڵام بۆجارێکیش فرمێسکێکی لەترسی خوا نەڕشت؟ بەو هەموو مەحتاجییەوە دەستێکی لەرزۆکی بۆ ئاسمان بەرز نەکردەوە.

- هەرچی بشێو نەشێ لەڕسوایی بە پیاوەکەی دەیکا و سومعەی پێوە ناهێڵێ، کەدەمیش دەکاتەوە دەڵێی حەلیمەی سەعدییەیە.

- خوا حەفتاساڵ تەمەنی پێدا، کەچی دەڵێ لەژیانما شک نابەم سوجدەیەکم بۆخوا بردبێ؟ کەمردیش سەف سەف نوێژی لەسەر دەکەین، ئەو نوێژەی کە ئەم بەڕاستی نەدەزانی.

- ئیزعاجە وتاری جومعە لە بیست خوله‌ك تێپەڕێت، بەڵام هەزار ئەڵقەی دوو كاتژمێری بەدیار فلیمێکەوە دادەنیشێ و دەڵێ لەگەڵ ئه‌بووبه‌کر دەچمە بەهەشت.

- بەندەی خوام بەڵام کاتم نییە سێ خوله‌ك بۆ خوا بژیم، چونکە سەرقاڵی دونیام.

ـ موسڵمانم بەڵام دڵم تێک دەچێ کە نەسیحەتێک دەکرێم و هەر لەخۆوە دڵم تەنگ دەبێت.

ـ لە مزگەوت کەوتووە و دینارێ میراتی خوشکەکانی نەداوە، دەشڵێ ئەوەبۆ عەمرەیەک نەکەین. یان دەڵێ ئەوە تەنێ چیمەنتۆم ناردووە بۆ دروستکردنی فڵان مزگەوت.

ـ خوام خۆش دەوێ بەس بەخوا ئەو لەچکەم بۆنادرێ بەسەرا، ناتوانم ئەو جلانە لەبەر بکەم کە خوا بڕیاری لەسەر داون.

ـ دوشەممە و پێنجشەممان بەڕۆژووە، بەڵام پیاوەکەی موبتەلایە بەدەستییەوە، خاتوونیش بەتەسبیحێکی سەدویەک دەنکەوە دەڵێ الحمدللە خەتمەکەم تەواو کرد، بۆی نابێ دایکی من پیاوەکەت لە ڕۆژووە سوننەتەکەت و تەسبیحەکەت لەپێشترە. پیاویش بەهەمان شێوە.

ـ شەش كاتژمێر فه‌یسبوک دەکا کە بانگ دەدرێ خەوەنوچکە دەیباتەوە، خوا ڕەحمی کردووە قتال و جەنگ لە ئارادا نیە، ئەگینا وڵاتیشی بەجێ دەهێشت.

ئایا هەربەڕاست بەم شێوەیە ئێمە ڕاستگۆین لەگەڵ خۆمان و خوای خۆمان؟ هەر بەڕاست ئەگەر دین لەسەر شانی ئێمە بوایە، مافی جێبەجێکردنیمان لەئەستۆ دەگرت. هەریەکەمان بە دەردێک لەم دەردانەوە دەردەدارین و دڵنیا بن و بەخوای کەعبە شەیتان فریوی داوین.

پێویستە تا نەدۆڕاندوومانە و مایەپوچ نەبووین سەرلەنوێ بە هەڵسوکەوت و تێگەیشتنمانا بچینەوە.

دواجار دەڵێم ئەم دڵە کوێی پاکە؟ کوێی گونجاوە؟ چۆن ڕووی هەیەبچێتەوە دیداری خوا.